نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووداوێکی کوشتن ڕوویدا و دواتر لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی بکوژەکەدا، ڕووبەڕووبوونەوە دروست بوو و بەهۆیەوە تۆمەتبارەکە کوژرا.
سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، سەرەتا لە نزیک گوندی «کۆڵەبی» لە نێوان عەربەت و سلێمانی، هاوڵاتییەک بە ناوی «دارا ڕەزا» کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٩ و پیشەی ئاژەڵدار بووە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و کوژراوە. بە وتەی کەسوکارەکەی، ناوبراو بە سێ گولـلە پێکراوە و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانەی شۆڕش گیانی لەدەستداوە.
وردەکاریی کوژرانی تۆمەتبارەکە
دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانیان ناسنامە و شوێنی مانەوەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە ناوی (ئ. س) بووە و خزمی کوژراوەکە بووە.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، هێزەکان گەمارۆی شوێنی تۆمەتبارەکەیان داوە و داوایان لێکردووە خۆی ڕادەست بکات، بەڵام ناوبراو ڕەتیکردووەتەوە و بە چەک ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە. لە ئەنجامی تەقەکردندا، کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و دواجار فەرمانی تەقەکردن دراوە و تۆمەتبارەکە کوژراوە.
بەپێی لێدوانی کەسوکاری قوربانییەکە، کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوان بکوژ و کوژراودا نەبووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت کە تۆمەتبارەکە پێشینەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە.