شەوی یەکشەممە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هاووڵاتییەک لەلایەن چەکدارێکەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕووداوەکە لە گەڕەکی «پیریادییەکان» لە ناحیەی شۆڕش ڕوویداوە. قوربانییەکە ناوی «فەخرەدین محەممەد ئەمین»ـە و تەمەنی ٤٠ ساڵە. ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بووە.
شەریف ڕەحیم، وتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، گوللەیەک بەر سەری قوربانییەکە کەوتووە و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. دوای ڕووداوەکە تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ کراوە بۆ توێکاری.
سەرچاوە ئەمنییەکان هۆکاری ڕووداوەکەیان بۆ «کێشەی کۆمەڵایەتی» گەڕاندووەتەوە. تاوەکو ئێستا بکوژەکە دەستگیر نەکراوە و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە، هێزەکانی پۆلیسیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە.