بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی لە گەڕەکی شۆڕش سێ ئەندامی یەک خێزانی کوشت، دوای ڕووبەڕووبوونەوە دەستگیر کراوە. بەگوێرەی زانیارییە نوێیەکان، بکوژەکە کە خزمی قوربانییەکانە، بە شێوەیەکی دڕندانە تاوانەکەی ئەنجام داوە و ئامانجی سەرەکی بردوونی ئۆتۆمبێلی خێزانەکە بووە.
وردەکاریی ئەنجامدانی تاوانەکە
ڕووداوەکە کاتژمێر ٦:٥٥ی بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی کانوونی دووەم ئەنجام دراوە، بەڵام تەرمەکان ئێوارەی دووشەممە دۆزراونەتەوە. بکوژەکە کە ناسیاوی خێزانەکەیە، دوای ئەوەی لە ماڵی خۆیان شەڕی لەگەڵ باوکی کردووە، لە ڕێگەی کەلاوەیەکەوە لە پشت ماڵی قوربانییەکان خۆی کردووە بە ژووردا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، تاوانبارەکە سەرەتا چووەتە ژووری کوڕە ٢٠ ساڵانەکە و سەرەڕای بەرگریکردن، بە ٦٨ چەقۆ کۆتایی بە ژیانی هێناوە. دواتر دایکی کوڕەکەی کە نەخۆشیی شەکرەی هەبووە، دوای هەوڵی خنکاندن، بە چەقۆ لە مل و جەستەی داوە و کوشتوویەتی، پاشانیش باوکەکەی خنکاندووە و چەقۆشی لێ داوە.
دوای تاوانەکە، بکوژەکە دەستکاریی مۆبایلەکانی نەکردووە، بەڵام سویچی ئۆتۆمبێلەکەیان (جۆری پیکاشۆ) و بڕێک ئاڵتوونی بردووە و بەیانییەکەی بە ئۆتۆمبێلی قوربانییەکان شوێنەکەی جێهێشتووە.
ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئاسایش لەسەر ڕێگای کەرکووک نزیک «تابلۆ مۆڵ» کەمینیان بۆ تۆمەتبارەکە داناوە. کاتێک بکوژەکە بۆ کڕینی پێداویستی لە ئۆتۆمبێلە دزراوەکە دابەزیوە، هێزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەری. تۆمەتبارەکە هەوڵی هەڵاتنی داوە بەرەو یاریگای فرانسۆ هەریری و دوای ئەوەی چوار فیشەکی ئاگادارکردنەوە بە ئاسماندا تەقێنراوە و نەوەستاوە، هێزەکانی ئاسایش ناچار بوون تەقە لە قاچی بکەن و بە دوو فیشەک برینداری بکەن، پاشان دەستگیریان کردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
دۆخی دەروونی و ڕوونکردنەوەی نەخۆشخانە
نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە کە تۆمەتبارەکە نەخۆشیی «شیزۆفرینیا»ی هەیە و لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تۆمارە. نەخۆشخانەکە ئاشکرای کرد کە ناوبراو لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە کاتی پاککردنەوەی ژوورەکەی لە نەخۆشخانە هەڵاتووە و ئەوان لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بە نووسراوی فەرمی پۆلیس و ئاسایشیان ئاگادار کردووەتەوە.
نەخۆشخانەکە ڕوونیشیکردەوە کە بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە تاوانبارانی دەروونی (Forensic) و دەسەڵاتی یاسایی بۆ زۆرەملێ، پێشتر چەندین جار باوکی تۆمەتبارەکە لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆی کوڕەکەی لە نەخۆشخانە دەرکردووە.