لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داخستنی «گەیم سەنتەری دانا»ی لە گەڕەکی بەکرەجۆ ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردنەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەکانی قائیمقامیەت، مۆڵەتی کارکردنی ئەو گەیم سەنتەرە تەنیا بۆ منداڵان و مێردمنداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ وەرگیراوە، بەڵام لەکاتی سەردانی لیژنەکەدا دەرکەوتووە کەسانی سەروو ئەو تەمەنە لە شوێنەکەدا بوون، کە ئەمەش بەپێی یاسا قەدەغەیە و پێچەوانەی ئەو مۆڵەتەیە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەریگرتووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، یەکێکی دیکە لە سەرپێچییەکان بریتی بووە لە بوونی دیاردەی جگەرەکێشان لەناو هۆڵەکەدا، کە بەپێی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕییەکان ڕێگەپێدراو نییە.
بەهۆی ئەم دوو سەرپێچییەوە، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی شوێنەکە داخرا و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.