دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، وردەکاریی دەستگیرکردنی بکوژی هاووڵاتییەکەی شارۆچکەی پیرەمەگروونی بڵاو کردەوە، کە دوێنێ تەرمەکەی دۆزرابووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی کانوونی دووەم، هاووڵاتییەک بە ناوی «زیاد محەمەد» لە پیرەمەگروون کوژرا، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە دەستبەجێ دەستیان بە بەدواداچوون کردووە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە تاوانەکە بە چەکی جۆری «دەمانچە» ئەنجام دراوە و پاڵنەری سەرەکیی تاوانەکەش «بردنی بڕێک پارە» بووە.
ئاسایشی هەرێم ئاشکرای کردووە کە تۆمەتبارەکە پلانی هەبووە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا شوێنەکەی دیاری کراوە و لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دەستگیر کراوە.
تۆمەتبارەکە ناوی (هـ. ف. أ)ـە و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٦ـە. لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.