بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی شۆفێران کردووە و ڕایگەیاندووە، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرماوە، تەمێکی چڕ شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری گرتووەتەوە و ئاستی بینین بۆ چەند مەترێک کەم بووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاتوچۆی سلێمانی، داوا لە شۆفێران دەکرێت بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان و بەکارهێنەرانی دیکەی ڕێگەوبان، پابەندی تەواوی ڕێنماییەکان بن. بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە: «داواکارین شۆفێران خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەم بکەنەوە و بە هیچ شێوەیەک لایتی بەرز (فوول لایت) بەکارنەهێنن، چونکە دەبێتە هۆی تەڵخبوونی بینین بۆ شۆفێری بەرانبەر». لەم دۆخەدا پێویستە شۆفێران گرنگی بە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن و بەتایبەتی لایتی تەم بەکاربهێنن. هەروەها هۆشداری دراوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لایتەکانیان کار ناکات، بە هیچ شێوەیەک نابێت لەم کەشوهەوایەدا بێنە سەر شەقامەکان.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی سەبارەت بەم دۆخە ڕایگەیاندووە، هەمیشە دابەزینی پلەکانی گەرما کاریگەری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و دروستبوونی تەم هەیە و ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروست دەکات. ناوبراو وتی: «پێویستە لە هەموو بارودۆخەکاندا شۆفێران پابەندی ڕێنماییەکان بن و ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرفتیان هەیە، گەرمکەرەوە و لایتەکانیان کار ناکەن، باشترە چاکبکرێنەوە یاخود بەکارنەهێندرێن».
هاتوچۆی سلێمانی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوای کردووە: «ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، سەردانی ڕێگەکانی دەرەوەی شار مەکەن، چونکە لە چەندین شوێن تەم هەیە و مەترسیی ڕووداوی هاتوچۆ زیاد دەکات». ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئاسمانی ناوچەکە هەوری تەواو دەبێت و بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبارێت.