پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەڕان ڕووی دا. ڕووداوەکە لە نێوان گوندی «کانی ژاڵە» و «ملەی سەرتەک» لە سنووری سەیرانگەی سەرتەک بووە و تێیدا مینی پاسێک کۆنترۆڵی لەدەست داوە و وەرگەڕاوە.
بەگوێرەی دواین زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا ١٣ کەس بریندار بوون. دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە و سەرجەم بریندارەکانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی دەربەندیخان. زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرجەم بریندارەکان لە ڕەگەزی پیاون.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی بریندارەکان، سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی دەربەندیخانەوە ڕوونیان کردووەتەوە کە تەنها دوو کەسیان برینەکانیان سووک بووە و ئەوانی دیکە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەبووە. بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، سێ لە بریندارەکان بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری وردتر.
وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: «تیمەکانمان لێکۆڵینەوەیان لە شوێنی ڕووداوەکە دەست پێ کردووە بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی وەرگەڕانی مینی پاسەکە و چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو ڕووداوە».