دادگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژی «ئومێد عەلی مستەفا» دەرکرد، ئەو شۆفێرە تەکسییەی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا تەرمەکەی لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە.
دانپێدانانی بکوژەکە
لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییدا، تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و هۆکارەکەی بۆ کێشەی دارایی گەڕاندووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، بکوژەکە ڕایگەیاندووە: «بەهۆی دۆڕاندنی بڕێکی زۆر پارە لە قوماردا و بۆ دانەوەی قەرزەکانم، ویستوومە ئۆتۆمبێلە تەکسییەکەی ئومێد عەلی بدزم و بیفرۆشم».
وردەکاریی تاوانەکە
ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، کاتێک تەرمی ئومێد عەلی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا لەسەر ڕێگای عەربەت - سلێمانی لە ناوچەی هوانە دۆزرایەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستبوو کە تۆمەتباری سەرەکی (تەمەن ٢٢ ساڵ) بە چەکی جۆری دەمانچە و بە چوار فیشەک لە نزیک گوندی «گڵەزەردە» قوربانییەکەی کوشتووە و دواتر تەرمەکەی خستووەتە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکە.
هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، توانیبوویان تۆمەتباری سەرەکی و هاوکارێکی (تەمەن ٣١ ساڵ) دەستگیر بکەن، کە ئەمڕۆ دادگا سزای کۆتایی بەسەر بکەرە سەرەکییەکەدا سەپاند.