بڕیارە ڕۆژی هەینی، ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شەقامەکانی شارە گەورەکانی باشوور و باکووری کوردستان شایەتی گەورەترین جووڵەی جەماوەری بن بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئامادەکارییەکان بۆ سازدانی «خۆپیشاندانی ملیۆنی» تەواو کراون و چالاکوانان دەیانەوێت پەیامی یەکڕیزیی کورد بە جیهان بگەیەنن.
باشووری کوردستان: «هەینیی کۆدەنگیی کوردان»
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینییان ناوناوە «هەینیی کۆدەنگیی کوردان». بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنەکە، بڕیارە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، هاووڵاتییان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
ئەنجوومەنەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بە ئەنقەست خۆپیشاندانی فراوانیان ڕاگرتبوو و تەنیا چالاکیی هونەری و وەرزشییان ئەنجام دەدا، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی ڕۆژی هەینی بە گڕوتینێکی نوێ و بە بەشداریی ملیۆنیی خەڵک بێنە دەنگ بۆ «پشتیوانیی ڕۆژئاوای نیشتمان».
باکووری کوردستان: «نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتی»
هاوتەریب لەگەڵ باشوور، لە باکووری کوردستانیش ئامادەکاری بۆ شکاندنی بێدەنگی کراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی، لە شارە گەورەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گردبوونەوەی جەماوەریی بەرفراوان بەڕێوەبچێت.
دروشمە سەرەکییەکەی باکوور بریتی دەبێت لە «نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتی». سەرەڕای ئەوەی پارێزگارەکانی تورکیا بڕیاری قەدەغەکردنی گردبوونەوەیان دەرکردووە، بەڵام ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان سوورن لەسەر ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان دژی هێرشەکان و پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بە جیهان بگەیەنن.