لە هەنگاوێکی هاوکاتدا بۆ دووپاتکردنەوەی یەکڕیزیی نیشتمانی و وەک پەرچەکردارێک بەرانبەر سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی گەلی کورد، هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بڕیاریاندا ناوی «کەزی» بکەنە سیمبولێکی شارستانی لە شارەکانیان. لە هەولێر چوارڕیانێک و لە سلێمانی مۆنۆمێنتێک بەو ناوەوە دەکرێت.
هەولێر: چوارڕیانێک بە ناوی «کەزی»
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر پێشنیاری کرد یەکێک لە چوارڕیانەکانی پایتەخت بە ناوی «کەزی» ناوبنرێت. ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: «ئەمڕۆ پرسی کەزی بووەتە دی فاکتۆی سووربوون لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و زیندووکردنەوەی ڕۆحی بەرگری و مقاوەمەت لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی داگیرکەران».
ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەیان پەسەند کرد. کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا شوێنەکە بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام سێ شوێنی گونجاو پێشنیار کراون و لە هەفتەی داهاتوودا یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت.
سلێمانی: مۆنۆمێنتی شکۆ
هاوتەریب لەگەڵ هەولێر، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی هونەریی مەزن دەکەن لە شاری سلێمانی بە ناوی «مۆنۆمێنتی کەزی». پڕۆژەکە لەسەر دەستپێشخەریی هونەرمەند دڵشاد بەهادینە و وەک سیمبولی «شکۆ، ڕۆژی یەکبوونی نەتەوەیی و بەرخۆدان» دەناسێنرێت.
پارێزگاری سلێمانی ڕوونی کردەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی، هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەنێن.
پاشخانی ڕووداوەکە
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەربازێکی حکوومەتی سووریا بڵاو بووەوە کە تێیدا بە سوکایەتییەوە «کەزی»ی شەڕڤانێکی شەهیدی کوردی بەدەستەوە گرتبوو و دەیبڕی. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی توندی لە سەرانسەری کوردستان لێکەوتەوە و «کەزی» بووە سیمبولی یەکڕیزی و بەرگریی کورد لە دژی داگیرکەران.