ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەنجێکی دانیشتووی شاری کەرکووک کە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرگریکردن لە خاک رووی لەو ناوچانە کردبوو، لە شاری حەسەکە شەهید بوو.
بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، گەنجەکە ناوی «ئەحمەد هێمن»ـە و تەمەنی ٢٣ ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووک بووە. ناوبراو نزیکەی ١٠ رۆژ لەمەوبەر، هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و سوپای سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، وەک خۆبەخش پەیوەندی بە ریزەکانی بەرگرییەوە کردووە.
وردەکاریی شەهیدبوونەکە
کەسوکاری شەهیدەکە هەواڵەکەیان بۆ میدیاکان پشتڕاست کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە کوڕەکەیان لە دەوروبەری شاری حەسەکە و لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانیدا شەهید بووە.
هەژار جەمال، ئامۆزای شەهید ئەحمەد ئاماژەی بەوە داوە کە ناوبراو پێش ڕۆیشتنی پەیامی ئەوەی پێداون کە رەنگە نەگەڕێتەوە. ئەو دەڵێت: «ئەحمەد پێش ڕۆیشتنی بە کەسوکارەکەی گوتووە رەنگە نەگەڕێتەوە و شەهید ببێت». ئاماژەی بەوەشدا کە وێڕای دڵگرانییان، شانازی بەو ڕێگایەوە دەکەن کە کوڕەکەیان هەڵیبژاردووە و «خوێنی ئەو لە هی ڕۆڵەکانی دیکەی ئەم نیشتمانە ڕەنگینتر نییە».
مەراسیمی بەخاکسپاردن
لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی دەستیپێکردووە. بەپێی زانیارییەکانی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان لە باشووری کوردستان، بڕیارە ڕۆژی هەینی تەرمی ئەحمەد هێمن بگاتەوە باشووری کوردستان و لە زێدی خۆی لە شاری کەرکووک بە خاک بسپێردرێت.