وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە فەرمی دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پێدانی ڕەگەزنامە بەو هاووڵاتییە کوردانەی دانیشتووی سووریان، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦ کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتییەوە دەرچووە.
بەگوێرەی ئەو نوسراوەی کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باری شارستانی کراوە، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا داوای کردووە کە دەستبەجێ کار لەسەر ئامادەکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییەکان بکرێت و زۆرترین ئاسانکاری بۆ «خوشک و برایانی کورد» بکرێت. وەزارەتەکە دوا مۆڵەتی بۆ تەواوکردنی ئەم ڕێنماییانە دیاریکردووە کە نابێت لە بەرواری ٥ی شوباتی ٢٠٢٦ تێپەڕێت.
وردەکاریی بڕیارەکە
بەپێی ماددەی چوارەمی مەرسوومەکە، بڕیار دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە سەرجەم یاسا و ڕێکارە نائاساییەکان کە لە ئەنجامی سەرژمێری ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای حەسەکە سەپێنرابوون. ئەم بڕیارە مێژووییە کۆتایی بە بێبەشبوونی دەیان ساڵەی کورد دەهێنێت لە مافی هاووڵاتیبوون.
خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکە بریتین لە:
١. پێدانی ڕەگەزنامەی سووری بە هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی لەسەر خاکی سووریا نیشتەجێن.
٢. بڕیارەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بە «مەکتومولقەید» ناسراون (ئەوانەی هیچ تۆمارێکی فەرمییان نییە).
٣. یەکسانکردنی تەواوەتی ئەو هاووڵاتییانە لەگەڵ هاووڵاتیانی دیکەی سووریا لە سەرجەم ماف و ئەرکەکاندا.
کۆتاییهێنان بە قەیرانێکی ٦٠ ساڵە
ئەم هەنگاوەی دیمەشق وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە دۆسیەی کورد لە سووریا دەبینرێت، کە لە دوای سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٦٢ـەوە هەزاران خێزانی کورد لە مافی ڕەگەزنامە بێبەش کرابوون. بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد بەشێکی ڕەسەنی پێکهاتەی سووریان و ناسنامەکەیان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی وڵاتەکە.