لەمڕۆوە دووشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٦، قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد؛ ڕێککەوتنی گشتگیر و ١٤ خاڵی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەم مەبەستەش لە کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانییەوە قەدەغەی هاتووچۆ لە حەسەکە ڕاگەیەندراوە و بڕیارە سبەینێ سێشەممە هەمان ڕێکار لە قامیشلۆ جێبەجێ بکرێت.
وردەکاریی جێبەجێکردنەکە لەسەر زەوی
بەپێی زانیارییەکان، وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی، نزیکەی ٢٥٠ پۆلیس و کارمەندی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە ٢٥ ئۆتۆمبێلەوە دەچنە ناو چوارگۆشە ئەمنییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ. ئەرکی ئەم هێزانە تەنیا ئیداری و بۆ هەماهەنگییە لە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان. هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە چڕی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە دا کە بەیانیی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەک لە چوارڕێیانی «پانۆراما» لە باشووری حەسەکە بیستراوە، کە بەهۆی مینێکەوە بووە و زیانی گیانی نەبووە، هەرچەندە هەندێک سەرچاوە دەنگی تەقینەوەکەیان بە مەشق و ڕاهێنان لێکداوەتەوە.
خاڵە جوهەرییەکانی ڕێککەوتنەکە
ڕێککەوتنەکە کە بە «باشترین بژاردە» لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وەسف کراوە، چەندین گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەخۆدەگرێت:
١. لایەنی سەربازی: هێزەکانی سوپای سووریا لە شارەکان دەکشێنەوە بۆ سەربازگەکان و ناوچەی شەدادی. هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی سووریا لە چوارچێوەی فیرقەیەکی نوێدا (سێ لیوا) و لە ناوچەکانی خۆیان لە جزیرە و کۆبانێ دەمێننەوە.
٢. لایەنی ئەمنی: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی ڕۆژئاوا) دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی ناو شارەکان دەگرنە ئەستۆ.
٣. پۆستە باڵاکان: بەپێی ڕێککەوتنەکە، پۆستی پارێزگاری حەسەکە بۆ کورد دەبێت و «نوورەدین ئەحمەد» کاندیدی هەسەدەیە بۆ ئەو پۆستە. هەروەها پۆستی جێگری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی ئەمنی تر بە کورد دەدرێت.
٤. پەروەردە و زمان: بۆ یەکەمجار لە مێژووی سووریا، زمانی کوردی بە فەرمی دەخرێتە پڕۆگرامی خوێندنەوە و بڕوانامەکانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دانپێدانانیان بۆ دەکرێت.
هەڵوێستی سەرکردایەتیی کورد و دۆخی کۆبانێ
مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند: «ئەم ڕێککەوتنە بۆ ڕێگری بوو لە کۆمەڵکوژی و پاراستنی گەلەکەمان». ئاشکراشی کرد کە ئەمەریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکار دەمێننەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە گفتوگۆیان لەگەڵ ئیسرائیلیش کردووە بۆ ڕاگرتنی شەڕ.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، دۆخی کۆبانێ هێشتا مەترسیدارە. هێزەکانی هەسەدە ڕایانگەیاند کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و بەرەی نوسرە (جۆلانی) بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر گوندەکانی کۆبانێ و جزیرە، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی و ئاوارەبوونی هەزاران کەس. بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕیارە گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵبگیرێت و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.
لەم دۆخە سەختەشدا، مووچەی فەرمانبەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ مانگی یەک دابەشکراوە، کە ئەمەش وەک خاڵێکی ئەرێنی لە ئیدارەدانی قەیرانەکەدا دەبینرێت.