بارگرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ دەنێنە قۆناغێکی مەترسیدارەوە؛ لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کەشتیگەلێکی «ناوازە» بەڕێوەیە بۆ ناوچەکە، بەرپرسانی باڵای سەربازیی و سیاسیی ئێران جەخت دەکەنەوە کە بۆ «جەنگێکی گشتگیر» ئامادەن. ئەم پەرەسەندنە خێرایە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە.
ئامادەکاریی سەربازی و جووڵەی کەشتییەکان
بەپێی زانیارییەکان، ئاستی ئامادەباشیی سەربازیی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداوی فارس و دەریای عومان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کردووە کە هێزێکی دەریایی نوێ و گەورەتر لەوەی ڤەنزوێلا ڕەوانەی ناوچەکە کراوە. لە بەرامبەردا، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاندووە: «پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانمانە و تەواوی جموجۆڵەکانی دوژمن لەژێر چاودێریی ورددایە».
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (SEP2501) توانیویەتی بەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری «یوو ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن»دا بفڕێت و زانیاری کۆبکاتەوە، کە بە وتەی ئەوان «کۆتایی پارێزبەندیی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانە». ئەمەش لەکاتێکدایە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) هۆشداریی توندی داوەتە سوپای پاسداران کە هیچ جۆرە ڕەفتارێکی «ناپیشەیی و مەترسیدار» لە گەرووی هورمز قبوڵ ناکەن.
مەرجەکانی واشنتن و هەڵوێستی تاران
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەنێوان پنتاگۆن و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لە واشنتۆن ئەنجامدراوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازی. ئیدارەی ترەمپ پێنج مەرجی سەرەکی بۆ تاران داناوە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ، کە دیارترینیان بریتین لە: ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی، و بڕینی هاوکاریی گرووپە چەکدارەکان.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامدا بە (سی ئێن ئێن)ی ڕاگەیاندووە کە نیگەرانی جەنگ نین و ئەزموونی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە ئامادەن، بەڵام دەرگای دانوستانی دادپەروەرانەیان دانەخستووە ئەگەر متمانە دروست ببێتەوە. عێراقچی هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری جەنگدا، «بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پارێزراو نابن».
نێوەندگیری و کاریگەری لەسەر عێراق
لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە کارەسات، هەریەک لە تورکیا، میسر و قەتەر هەوڵی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک دەدەن لە ئەنقەرە لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران. هاوکات دۆخەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر عێراق داناوە؛ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشداریی داوەتە محەممەد شیاع سوودانی سەبارەت بە مەترسیی گەڕانەوەی نووری مالیکی و هەژموونی ئێران بەسەر حکومەتی داهاتووەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیش، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە دەزگای هەواڵگریی ١٠ وڵات دەستیان لە ئاژاوەگێڕییەکانی ناوخۆی ئێراندا هەیە و سەدان کەسیان دەستگیرکردووە. هاوکات لەسەر سنوورەکان، ئێران بۆردومانی بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)ی کردووە و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک شەهید بووە.