بەهۆی سکاڵایەکی یاسایی کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی ٧٠ سەرۆک خێزانی کورد لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک دەستپێکرد، بەڵام پارێزگاری کەرکوک جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ڕاگرت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو هێزێکی سەر بە بنکەی پۆلیسی عەرەفە بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن، چوونەتە ناو گەڕەکی عەرەفە و داوایان لە ٧٠ خێزانی کورد کردووە خۆیان ڕادەست بکەن. هۆکاری ئەم فەرمانە بۆ سکاڵایەکی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەگەڕێتەوە کە بانگەشەی موڵکداریی ئەو ٤٠ خانووە دەکات کە ئەم خێزانانەی تێدا نیشتەجێن.
دەستوەردانی پارێزگار
دوای دروستبوونی گرژی و نیگەرانیی دانیشتووانی گەڕەکەکە، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک هاتە سەرخەت. پارێزگار ڕێنمایی داوەتە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک کە هێز نەنێرنە ئەو گەڕەکە و جێبەجێکردنی فەرمانەکە ڕابگرن تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی عێراق چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئەم خانووانە دەدۆزێتەوە.
وردەکاریی کێشەکە
کێشەکە پەیوەندیدارە بە ٤٠ خانووی گەڕەکی عەرەفە کە لەلایەن ٧٠ خێزانی کوردەوە ئاوەدان کراونەتەوە. زۆربەی ئەم خێزانانە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە لەو خانووانەدا نیشتەجێن. کۆمپانیای نەوتی باکوور ماوەی دوو ساڵە فشارەکانی چڕکردووەتەوە و داوای چۆڵکردنی خانووەکان دەکات، بە پاساوی ئەوەی موڵکی کۆمپانیاکەن.
شێخ فەرهاد بایز، نوێنەری دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفە ڕایگەیاند: «شەوی ڕابردوو پۆلیس هاتوون و داوایان کردووە ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە خۆیان ڕادەست بکەن». ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزە ئەمنییەکان مۆڵەتیان تا ڕۆژی یەکشەممە دابوو کە ئەگەر خۆیان ڕادەست نەکەن، هەڵدەکوتنە سەریان، بەڵام ئێستا بە بڕیاری پارێزگار دۆخەکە هێور بووەتەوە.