شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی گرانی و دۆخی خراپی ئابوورییەوە سەریان هەڵداوە، پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە. بەپێی دواین زانیارییەکان، خۆپیشاندانەکان کە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە دەستیان پێکردووە، ئێستا ٢٧ شاری گەورە و بچووکی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
خوێن لە کوهدەشت ڕژا
بەگوێرەی سەرچاوەکان، دۆخەکە لە شاری کوهدەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستان ئاڵۆزیی تێکەوتووە. میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە کە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گەنجێکی کوردیان لەو شارە کوشت، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر هێزەکان.
لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە زاری سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستانەوە کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی «بەسیج»ی تەمەن ٢١ ساڵ و برینداربوونی ١٣ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە. ئەمە یەکەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانی فەرمییە لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا لەوەتەی دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان.
شەپۆلی دەستگیرکردن لە ڕۆژهەڵات
هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکان، دەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە هەڵمەتی دەستگیرکردن کردووە:
مەریوان: هاووڵاتییەک بە ناوی «عیرفان مەحموودی» ماوەی ٩ ڕۆژە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.
مەهاباد: ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی کانوونی یەکەم، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی «یەعقوب مەبزولە» و دوای پشکنینی ماڵەکەی، دەستگیریان کرد و بۆ زیندانی ئەمنیی ورمێ گوازرایەوە.
دەنگی خوێندکاران و هەڵوێستی ئەمریکا
ناڕەزایەتییەکان لە بازاڕەکانەوە بۆ زانکۆکان پەلیان هاویشتووە. یەکێتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە خوێندکارانی زانکۆ گەورەکانی وەک تاران، شەریف و بەهەشتی بە دروشمی جۆراوجۆر هاتوونەتە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بۆنەی ساڵی نوێی ٢٠٢٦ـەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانیی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ئێران دووپات کردەوە. واشنتۆن ڕایگەیاندووە: «گەلی ئێران شایستەی ئەوەن سامانی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان خەرج بکرێت نەک بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە».
لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران داوای «هاودەنگی» لە خەڵک دەکات و بەڵێنی داوە حکومەت بڕیاری نوێ بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک بدات.