ئاسایشی هەولێر: بکەری سەرەکیی تاوانەکەی گوندی لوبنانی دەستگیرکرا

ئاسایشی هەولێر: بکەری سەرەکیی تاوانەکەی گوندی لوبنانی دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر وردەکاری کوشتنی گەنجێکی عەرەبی لە گوندی لوبنانی بڵاوکردەوە کە لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە لە باڵەخانە فڕێدرابووە خوارەوە.

١ خولەک
٢٣
خاڵە سەرەکییەکان
  • ڕووداوەکە ٢٧ی کانوونی یەکەم لە گوندی لوبنانی ڕوویداوە و گەنجەکە ناوی نایف فازڵە
  • قوربانییەکە لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە لە باڵەخانە خراوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە
  • ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاکرێ و بەردەڕەش تۆمەتباری سەرەکی (ح. ب. أ)ی دەستگیرکرد
  • تۆمەتباری دووەم بۆ دەرەوەی هەرێم هەڵاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاوڵاتییەک لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی «گوندی لوبنانی» ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکی دەستگیرکراوە و یەکێکی دیکەش هەڵاتووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، ڕووداوەکە لە ڕێکەوتی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ڕوویداوە، تێیدا هاوڵاتییەکی نەتەوە عەرەب بەناوی «نایف فازڵ نایف» لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە کە «هاوڕێی خۆی بوون» لە باڵەخانەیەکەوە خراوەتە خوارەوە. قوربانییەکە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

دەستگیرکردنی بکەری سەرەکی

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە تیمەکانیان دەستیان بە بەدواداچوونی ورد کردووە و ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکەیان ئاشکرا کردووە. دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ و ئاسایشی قەزای بەردەڕەش، توانراوە تۆمەتباری سەرەکی بەناوی (ح. ب. أ) دەستگیر بکرێت.

هەڵاتنی تۆمەتباری دووەم

سەبارەت بە هاوبەشی دووەمی تاوانەکە، ئاسایش ڕوونیکردووەتەوە کە تۆمەتبارێک بەناوی (خ. م. أ) کە بەشداربووە لە ئەنجامدانی تاوانەکە، لە ئێستادا بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە و لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. بەپێی زانیارییەکان، تاوانەکە بە بەرنامە بووە و تۆمەتبارەکە لە موسڵەوە هاتووەتە هەولێر و زەمینەی تاوانەکەی ڕەخساندووە.

ئەم ڕوونکردنەوەیەی ئاسایش کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە پێشتر بڵاوکرابوونەوە گوایە ئافرەتێک لەو باڵەخانەیە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، و دەرکەوت ڕووداوەکە تاوانی کوشتن بووە درهەق بە گەنجێکی عەرەب.

ئارام سۆران
ئارام سۆران

پەیامنێری گشتی

ئارام ڕۆژنامەنووسێکی بەئەزموونە، تایبەتە بە گواستنەوەی دوایین هەواڵ و ڕووداوەکان بەشێوەیەکی بێلایەن. ئامانجی سەرەکی گەیاندنی ڕاستییەکانە بەخێراترین کات و بەبێ دەستکاری.

هەموو وتارەکان