بەفربارین و شەپۆلی سەرما نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم هاتنی گەشتیاران و خۆشی دەربڕینی هاووڵاتییان بۆ پێشوازی لە ساڵی ٢٠٢٦. دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاندووە کە بەفر و باران بوونەتە هاندەر بۆ هاتنی گەشتیاری زیاتر و پێشبینی دەکەن بۆ پشووەکانی سەری ساڵ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار گەشتیار ڕوو لە شارەکانی هەرێم بکەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە، هەرچەندە ساڵەکەی بە «سەخت» وەسف کرد بەهۆی قەیرانی داراییەوە.
هەولێر؛ ئاگرباران و قەدەغەی توند
لە هەولێری پایتەخت، پڕۆژەی ئیمپایەر وەک چەقی ئاهەنگەکان دەردەکەوێت کە تێیدا ٤٥ ڕێستۆرانت و کافێ ئاهەنگی تایبەت ساز دەکەن. بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر ١٢:٠٠ لە قەڵای هەولێرەوە یاری ئاگرین ئاسمانی شارەکە ڕووناک بکاتەوە. هاوکات بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر ڕێنمایی توندی دەرکردووە و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانی لەناو هۆڵە داخراوەکاندا بەتەواوی قەدەغە کردووە و هەر شوێنێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
سلێمانی؛ داخستنی شەقام و هۆشداری هاتوچۆ
لە سلێمانی، لە کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) لە بەردەم باخی گشتییەوە تا پردی خەسرەو خاڵ بەڕووی ئۆتۆمبێلدا داخرا. بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی هۆشداری دایە شۆفێران کە ئۆتۆمبێلەکانیان لە کۆڵان و گەڕەکەکانی دەوروبەری شەقامی سالم ڕانەگرن، چونکە دەبێتە هۆی بێزارکردنی دانیشتووان و سزای لەسەرە. هاوکات تەندروستی سلێمانی ١٤ تیمی فریاکەوتنی خێرای لە شوێنە قەرەباڵغەکان جێگیر کردووە و پۆلیسیش دەستی بەسەر بڕێکی زۆر یاری ئاگرینی قەدەغەکراودا گرتووە.
دهۆک و زاخۆ؛ ناڕەزایەتی کاسبکاران
لە سنوری دهۆک، گواستنەوەی ئاهەنگە فەرمییەکان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری سەنتەری شاری دهۆک هەبووە. خاوەن هۆتێل و ڕێستۆرانتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاتنی گەشتیار بۆ دهۆک بەڕێژەی ٥٠٪ کەمیکردووە. لە بەرامبەردا، زاخۆ ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ٣٠ هەزار کەس کردووە و شارەکە بە یاری ئاگرین ڕووناک دەکرێتەوە.
لە سۆران و ناوچە شاخاوییەکان، بەفربارین بووەتە مایەی خۆشحاڵی گەشتیاران، بەڵام دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەهۆی بەستەڵەکەوە بۆ سبەی داخراوە.