تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ نیگەرانی خۆی لە شێوازی دەستگیرکردنی دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەربڕی و داوای ڕوونکردنەوە لە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەکات، لەکاتێکدا کەسوکارەکەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ هەڵوێستەکانی لەسەر مووچە دەگەڕێننەوە.
بەپێی زانیارییەکان، شەوی شەممە ٣ی کانوونی دووەم، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دڵشاد میرانی لە شاری سلێمانی و دەستگیریان کردووە. دانا مەحمود تۆفیق، برای دڵشاد میرانی بە تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ی ڕاگەیاندووە: «هیچ کێشەیەکی یاسایی و کەسی نییە و نازانین بۆ دەستگیرکراوە، بەڵام ئەگەرێکی زۆر ئەوەیە پەیوەندی بە ناڕەزایەتی و لێدوانەکانی هەبێت لەبارەی مووچەی هاوڵاتییان».
هۆکاری دەستگیرکردنەکە
پێدەچێت دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە هەبێت کە ڕۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، تێیدا دڵشاد میرانی داوای خەرجکردنی مووچە فەوتاوەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانی کردبوو کە ژمارەیان زیاتر لە ٤٦ مووچەیە لای هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم. ناوبراو لەو پەیامەدا ڕایگەیاندبوو: «ڕۆژی یەکشەممە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بایکۆت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت».
هەڵوێستی تۆڕی هاوپەیمانی ١٩
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە دامەزراوە و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەکات، لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنەکە گرتووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «دڵشاد میرانی و هەزاران مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمان داخوازییان هەیە و وا تەماشا دەکەن ئەو مووچانە قەرزن لای هەردوو حکومەت. جا هەر هاوڵاتییەک داوای لە حکومەت کرد قەرزەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە، لە نیوەشەودا هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و دەیخەنە کونجی بەندیخانە؟».
پاشخان
دڵشاد میرانی یەکێکە لە چالاکوانە دیارەکانی شاری سلێمانی و پێشتریش ڕۆڵی هەبووە لە سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان. ناوبراو لە کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٥یش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و پاش دوو ڕۆژ لەگەڵ دەیان دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرا.