بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە ماوەی ٢٤ کاتژمێرە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەنداوی دێوانە لە سنووری قەزای دەربەندیخان سەرڕێژی کرد. قایمقامیەتی دەربەندیخان لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دایە هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژە و ئاژەڵداران کە لەپێناو پاراستنی سەلامەتییان، بەهیچ شێوەیەک سەردانی خوارووی بەنداوەکە نەکەن و لەو ناوچانە دووربکەونەوە.
ئاماری باران و بەفربارین
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین بڕی بارانبارین لە شارۆچکەی یاخسەمەری سەر بە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە ١٣٢ ملیمەتر بووە. لە پارێزگای هەولێر ٧٠.٨ ملم، لە سەنتەری سلێمانی ٣٨.٦ ملم و لە دهۆک ٢٨.٨ ملم باران باریوە. هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر باریوە، بەجۆرێک لە دەروازەی کێلێ ئەستووری بەفر گەیشتووەتە یەک مەتر و لە حاجی ئۆمەران ٥٠ سانتیمەتر.
داخستنی ڕێگەکان و ئاستەنگی هاتووچۆ
بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە، چەندین ڕێگەی سەرەکی داخراون. لە سنووری کۆیە، بەهۆی داڕمانی بەشێک لە چیای هەیبەت سوڵتان و کەوتنی تاشەبەردی گەورە بۆ سەر شەقامەکە، ڕێگەی سەرەکیی نێوان کۆیە و ڕاپەڕین بەتەواوی داخراوە و تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەین. هەروەها لە دەروازەی سنووریی کێلێ بەهۆی بەفرەوە هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری ڕاگیراوە. لە دەڤەری پشدەریش، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک، پردی پەڕینەوەی ١٥ گوندی بناری چیای ئاسۆس ڕووخاوە.
کێشەی دابەشکردنی ئاو
شەپۆلەکە کاریگەریی کردووەتە سەر پڕۆژەکانی ئاویش؛ لە قەڵادزێ بەهۆی لێڵبوونی ئاوی زێی بچووک، پڕۆژەی ئاوی خاس ڕاگیراوە و دابەشکردنی ئاو وەستاوە. هەروەها لە هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەر ڕایگەیاندووە کە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و چەند پڕۆژەیەکی دیکە بەهۆی قوڕاوبوونی سەرچاوەکانیانەوە کێشەیان بۆ دروستبووە.
پێشبینییەکانی کەشوهەوا
شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن شەپۆلی بەفر و بارانبارین بەردەوام بێت و سبەی دووشەممە، ٢٩ی کانوونی یەکەم، بەفر بگاتە سەنتەری بەشێک لە شارەکان، لەوانە سلێمانی و دهۆک، و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن.