تەیف سامی واژۆی کرد
بەپێی زانیارییەکان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆی کۆتایی لەسەر نووسراوی خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و تەواوی رێکارەکان لە بەغدا کۆتاییان هات. سەرەڕای ئەوەی رۆژی شەممە پشووی فەرمی بووە، بەڵام تیمەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ تەواوکردنی ئەم رێکارانە دەوامیان کردووە و نووسراوەکە ئاڕاستەی بەشی خەرجی (محاسبە) کراوە.
گەیشتنی ٩٤٢ ملیار دینار بۆ هەرێم
دوای تەواوبوونی رێکارە ئیدارییەکان، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند کە پارەکە گەیشتووەتە هەرێم. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بڕی ٩٤٢ ملیار و ٨٤٥ ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی ١٠) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
خشتەی دابەشکردنی مووچە ڕاگەیەندرا
وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند پڕۆسەکە لە ماوەی سێ ڕۆژدا تەواو دەبێت. بەپێی خشتەکە، دابەشکردنی مووچە لە سبەینێوە (ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی کانوونی یەکەم) دەستپێدەکات. بۆ ڕۆژی یەکەم، مووچەی خانەنشینانی شارستانی و پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی، و وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت. بۆ ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی کانوونی یەکەم، مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی دیکە و سەرۆکایەتییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە دابەش دەکرێت و ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی کانوونی یەکەم بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست کۆتایی بە پڕۆسەکە دێت.
ئاگادارییەک بۆ مووچەخۆران
وەزارەتی دارایی ئاگاداری سەرجەم مووچەخۆران دەکاتەوە کە بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارەی کاش لە بانکی ناوەندی و گواستنەوەی بۆ بانکەکانی دیکە کاتی پێویستە، داواکارن ڕۆژی دووشەممە لە دوای کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان. هاوکات جەخت کراوەتەوە کە دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی پشووی سەری ساڵیشدا بەردەوام دەبێت و بانکەکان کراوە دەبن.
ئامارەکانی ‘هەژماری من’
لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەدا، وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد کە بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی ٦٣٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن. بەپێی ئامارەکان، ٦٢٧ هەزار و ٨٣٢ مووچەخۆر سوودمەند دەبن، کە زۆرینەیان لە پارێزگای هەولێرن بە ٣١٩ هەزار و ٤٩١ کەس، دواتر دهۆک بە ١٦٤ هەزار و ٣١٤ کەس و سلێمانی بە ١٤٤ هەزار و ٢٧ کەس.