بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت داخرا

بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت داخرا

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان ڕایگەیاند بەهۆی بەفر و سەختی ڕێگاکانەوە، هاتوچۆ لە دەروازەی زێت بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیراوە.

نوێکراوە
٥ خولەک
٢٢
خاڵە سەرەکییەکان
  • دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا بۆ کاتێکی نادیار داخرا
  • بڕیارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەروازەی دەرەجیکی تورکیا دراوە
  • بەهۆی بەفربارینی چوار ڕۆژی ڕابردوو تەواوی ڕێگاکانی سنوورەکە بەستراون
  • دەروازەکە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەکاری

بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرما کە بووەتە هۆی بەستنی ڕێگاکان، هاتوچۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، هۆبەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا گەشتیارانی ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند: «بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و سەختیی ڕێگاکان و نالەباریی کەشوهەوا، لە لایەن هەردوو دەروازەی دەرەجیک لە تورکیا و زێت لە هەرێمی کوردستان، ئاگادار کراینەوە کەوا هاتوچۆ بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیراوە».

دۆخی ڕێگاکان و شوێنی جوگرافی

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئاستەنگی هاتوچۆ لە ناوچە سنوورییەکان دروست بووە و تیمەکان هۆشداری دەدەن کە تەواوی ڕێگاکانی ئەو سنوورە بەستراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک هاتوچۆی گەشتیاری لەو سنوورەدا ئەنجام نادرێت تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە دیوی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە شارەدێی شێروان مەزن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە دیوی تورکیاش دەکەوێتە ناوچەی دەرەجیک سەر بە پارێزگای هەکاری.

شەپۆلی سەرما و کاریگەری لەسەر دەروازەکانی دیکە

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ماوەی چوار ڕۆژە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. جگە لە دەروازەی زێت، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانیش بەهەمان شێوە بەهۆی ئەم شەپۆلی بەفربارینەوە تووشی ئاستەنگ بووە و گەشتەکانی ڕاگرتووە.

پێشتریش لە ڕۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت هۆشداری دابوو کە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە هاتوچۆ و گەشتکردن لە سنووری دەروازەکە ئەستەم دەبێت.

ئارام سۆران
ئارام سۆران

پەیامنێری گشتی

ئارام ڕۆژنامەنووسێکی بەئەزموونە، تایبەتە بە گواستنەوەی دوایین هەواڵ و ڕووداوەکان بەشێوەیەکی بێلایەن. ئامانجی سەرەکی گەیاندنی ڕاستییەکانە بەخێراترین کات و بەبێ دەستکاری.

هەموو وتارەکان