جارێکی دیکە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێنی لێ ڕژا و خۆپیشاندانەکانی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام گرژیی توندی بەخۆیەوە بینی. بەپێی سەرچاوەکان، هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران بە گولـلەی ڕاستەوخۆ وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان داوەتەوە کە بەهۆی گرانی و بێکارییەوە سەریان هەڵداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک بینای بەسیج لە شاری مەلەکشایی، چوار خۆپیشاندەر شەهید بوون. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی شەهیدەکانی بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: «ڕەزا عەزیمزادە، فارز ئاغائەحمەدی، محەممەد بزونە و مێهدی ئیمامیپوور».
سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم ٣٠ کەسی دیکە بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی مەلەکشایی و نەخۆشخانەی خومەینی لە ئیلام. باس لەوە دەکرێت دۆخی تەندروستی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە، ئەوەش نیگەرانی لای کەسوکاریان دروست کردووە.
پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات کاردانەوەیان هەبووە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم کردەوانەی بە «جەنایەت» ناوبرد و ڕایگەیاند: «ئەمە ناڕەزاییەکی کاتی نییە، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتێکە کە شەرعییەتی لەدەست داوە». کۆمەڵە جەختی کردەوە کە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە لەسەر شەقامەکان دەبێت.
ئەم خۆپیشاندانانە هەفتەیەکە لە تارانەوە دەستی پێکردووە و ئێستا شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کرماشان، ئیلام، و لوڕستانی گرتووەتەوە. وەک پیشەی هەمیشەییان، دەسەڵاتدارانی ئێران خۆپیشاندەران بە «ئاژاوەگێڕ» ناو دەبەن و هەوڵی سەرکوتکردنیان دەدەن.