دوای تێپەڕینی هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای یەکڕیزی و فراوانکردنی ڕاپەڕین دەکەن و بڕیارە بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سازمانی خەبات لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا پەیامێکی بەپەلەیان ئاراستەی خەڵکی کوردستان و ئێران کردووە. لە پەیامەکەیاندا هاتووە: «داوا لە گەلی کورد و گەلانی ئێران و لایەنە سیاسییە ئازادیخوازەکان دەکەین بەیەکڕیزیی و یەکگرتویی، دژی ڕژێمی مرۆڤکوژی دەسەڵاتدار لە ئێران بوەستنەوە».
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە بڕیارە سبەی یەکشەممە، لیژنەی هەماهەنگی حەوت حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستا و گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان کە تادێت لە شارەکانی ئێران و کوردستان فراوانتر دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتی ئایینی و سیاسی، بانگەوازی بۆ یەکخستنی ماڵی کورد کردووە و ڕایگەیاندووە: «پێویستە هەموو حزب و ڕێكخراوە كوردییەكان یەكبگرن و لە دەوری مێزێك كۆببنەوە، چونکە ئازادكردنی رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكە». ناوبراو ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کردووە و بە «نەوەکانی قازی محەمەد» وەسفی کردوون.
سەبارەت بە کاردانەوەی حکومەتیش، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە ترس و دڵەڕاوکێوە. لە شاری سنە و چەند ناوچەیەکی دیکە، هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی کورتەنامەوە (SMS) هەڕەشەیان لە هاوڵاتیان کردووە کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن. هەروەها هێڵی ئینتەرنێت لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات لاواز کراوە یان پچڕێندراوە بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان بە دونیای دەرەوە.
جێگەی ئاماژەیە، خۆپیشاندانەکان سەرەتا بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە دەستیان پێکرد، بەڵام بە خێرایی دروشمەکان گۆڕان بۆ داواکاری سیاسی و ڕوخاندنی ڕژێم، و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا لانی کەم ٨ خۆپیشاندەر شەهید بوون و سەدان کەسیش دەستبەسەر کراون.