لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامانی جەستەی کچێکی تەمەن ١١ ساڵ بە ناوی «دیانا ئیسماعیلی» کە تووشی لەکارکەوتنی مێشک ببوو، بە ڕەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرایە چەند نەخۆشێک کە پێویستیان بە چاندنی ئەندام بوو.
ڕۆژی شەممە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەرچاوەکان لە شاری بۆکانەوە ڕایانگەیاند کە دیانا بەهۆی نەخۆشییەوە تووشی ئیفلیجی و لەکارکەوتنی مێشک ببوو. دوای بێئومێدبوون لە چارەسەر، بنەماڵەکەی بڕیارێکی سەختیان دا و ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر بەخشینی ئەندامەکانی. ئەو ئەندامانەی بەخشراون بریتی بوون لە گورچیلەکان، دڵ و جگەر، کە دەتوانن ژیانی چەند کەسێک لە مردن ڕزگار بکەن.
بەرپرسانی شاری بۆکان ڕۆژی هەینی سەردانی ماڵی دیانایان کرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو بڕیارە مرۆڤدۆستانەیەی خێزانەکەی دەربڕی. لە ڕووی پزیشکییەوە، ئەو کەسانەی تووشی مەرگی مێشک دەبن، دەتوانرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک دڵ، سییەکان، جگەر، گورچیلە و پەنکریاس ببەخشرێتە نەخۆشانی دیکە.
بەگوێرەی ئامارە تەندروستییەکانی ئێران، لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ هەزار نەخۆش لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆرەی وەرگرتنی ئەندامی جەستەدان، لەکاتێکدا ساڵانە تەنها نزیکەی ٨٠٠ کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن، ئەمەش گرنگیی بڕیارەکەی بنەماڵەی دیانا دەردەخات.