لەگەڵ پەرەسەندنی بێوێنەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی هەستیارەوە. لەکاتێکدا واشنتن گەورەترین هێزی دەریایی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، تاران لەژێر فشاری قورسی ناوخۆیی و دەرەکیدا ئامادەیی بۆ سازشکردن لە دۆسیەی ئەتۆمیدا دەربڕیوە.
جووڵەی سەربازی و پەیامەکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە کەشتیگەلێکی زەبەلاح و بەهێز، کە گەورەترە لەوەی بۆ ڤەنزوێلا نێردراوە، بەرەو ئێران بەڕێوەیە. ترەمپ وتی: «زۆر باش دەبوو ئەگەر ناچار نەبووینایە بەکاریان بهێنین». سەرۆکی ئەمریکا دوو مەرجی سەرەکیی بۆ تاران داناوە: دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی و ڕاگرتنی کوشتنی خۆپیشاندەران.
لەمبارەیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا کە وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەبینرێت، ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە ڕێککەوتنێک پەسەند بکات کە گەرەنتی ئەوە دەکات چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، بە مەرجێک سزاکانی سەریان هەڵبگیرێن.
هەڕەشەی تاران و مەترسیی مووشەکی
سەرەڕای پەیامە دیپلۆماسییەکان، ئاڵۆزییە سەربازییەکان بەردەوامن. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای ئێران هۆشداریدا کە لە وەڵامی هەر هێرشێکدا بۆ سەر خاکەکەیان، «دەستبەجێ ناوجەرگەی تەلئەبیب بە قورسی دەکەنە ئامانج». ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە ئاشکرای کردووە ئێران خاوەنی ٢٠٠٠ مووشەکی بالیستیکییە کە توانای پێکانی ئیسرائیلیان هەیە، جگە لە هەزاران مووشەکی کورتمەودا کە مەترسین بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداوی عەرەبی.
لە بەرەیەکیتری هێزدا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش لەنێوان ئێران، ڕووسیا و چین لە نزیک گەرووی هورمز بەڕێوەبچێت، کە وەک پەیامێکی ڕوون بۆ ڕۆژئاوا لێکدەدرێتەوە.
دۆخی ناوخۆی ئێران و نێوەندگیریی تورکیا
لە ئاستی ناوخۆدا، ئێران بە دەست خۆپیشاندان و قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتییەکان بگۆڕن بۆ «شەڕی ناوخۆ» و خەڵک چەکدار بکەن.
لەم نێوەندەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پزیشکیان، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.