بەپێی وتەی شەش بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئێران، سەرکردایەتیی وڵاتەکە نیگەرانییەکی زۆری هەیە لەوەی هەر هێرشێکی ئەمەریکا ببێتە هۆی ئەوەی خەڵکی تووڕە بڕژێنەوە سەر شەقامەکان و دەسەڵاتیان بخاتە مەترسییەوە، ئەوەش دوای سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردوو.
هۆشداری بە خامنەیی و نەمانی ترس
چوار بەرپرسی ئاگادار لە گفتوگۆکان ڕایانگەیاندووە، لە کۆبوونەوە باڵاکاندا بە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران وتراوە کە تووڕەیی خەڵک سەبارەت بە سەرکوتکارییەکانی مانگی ڕابردوو، کە خوێناویترین بووە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ـەوە، گەیشتووەتە ئاستێک کە «ترس چیتر ڕێگر نییە». بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زۆرێک لە ئێرانییەکان ئامادەن جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان ببنەوە و فشارێکی دەرەکی وەک هێرشێکی سنوورداری ئەمەریکا دەتوانێت هانیان بدات و زیانی قەرەبوونەکراوە بە سیستەمی سیاسی بگەیەنێت.
یەکێک لە بەرپرسەکان وتی: «هێرشێک لەگەڵ خۆپیشاندانی خەڵکی تووڕە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخانی سیستەمی فەرمانڕەوا. ئەمە نیگەرانیی سەرەکیی بەرپرسە باڵاکانە و ئەوەشە کە دوژمنەکانمان دەیانەوێت». سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێی بژاردەکان دەکات دژی ئێران، لەوانە هێرشی ئامانجدار بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و سەرکردەکان.
موسەوی: یارییەکە تەواو بوو
میرحوسێن موسەوی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لەژێر دەستبەسەریی ماڵەوەدایە، لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریدا و وتی: «ڕووباری ئەو خوێنە گەرمەی لە مانگی ساردی کانوونی دووەمدا ڕژا، لە کوڵان ناوەستێت تاوەکو ڕێڕەوی مێژوو دەگۆڕێت». موسەوی دەشڵێت: «خەڵک بە چ زمانێک بڵێن ئەم سیستەمەیان ناوێت و باوەڕ بە درۆکانتان ناکەن؟ ئیتر بەسە. یارییەکە تەواو بوو».
شیکەرەوان و کەسانی ئاگادار دەڵێن ئەگەرچی ئێستا شەقامەکان ئارامن، بەڵام تووڕەیی بەهۆی دۆخی ئابووری و گەندەڵییەوە ماوەتەوە. یەکێک لە بەرپرسەکان هۆشداریدا کە ئەگەر لەژێر هێرشی ئەمەریکادا خۆپیشاندان بکرێت، دەسەڵات شێوازی توندتر بەکاردەهێنێت و دەبێتە «کوشتارگە». هاوکات دانیشتوویەکی تاران کە کوڕە ١٥ ساڵانەکەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراوە، وتی: «ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکات، دەچمەوە سەر شەقام بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوڕەکەم».