دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندن، کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی چەمچەماڵ وردەکاریی دابەشکردنی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەم دواییەی قەزاکەی ئاشکرا کرد و هاوکات تیمە تەندروستییەکانیش هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ پشکنینی ئاو و هۆشیاریی تەندروستی دەستپێکردووە.
قەرەبووی ئۆتۆمبێلەکان و بڕی پارەکە
عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، سبەینێ کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی دەست دەکرێت بە دابەشکردنی هاوکاری بەسەر خاوەنی ٦٩٤ ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو. سەبارەت بە بڕی پارەکە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەیەکی پسپۆڕی هاتووچۆی سلێمانی هەڵسەنگاندنیان کردووە و بڕیار دراوە «کەمترین بڕی هاوکاری ١٠٠ هەزار دینار بێت، تەنانەت ئەگەر زیانەکەش لەو بڕە کەمتر بێت، و بۆ ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەکان بڕەکە دەگاتە ٨ ملیۆن دینار».
سەرۆکی کۆمسیۆنەکە ڕوونیشیکردەوە کە کاری ئەوان تەنها قەرەبووکردنەوەیە و دەسەڵاتی گۆڕینی ئۆتۆمبێلیان نییە، جەختیشی کردەوە کە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو تەواوی هاوکارییەکان دابەش دەکرێن.
چارەنووسی پارە کۆکراوەکان
سەبارەت بەو سندوقەی بۆ هاوکارییەکە دانرابوو، عەتا محەمەد دڵنیایی دا کە هیچ خەرجییەک لەسەر سندوقەکە نەکراوە و تەواوی پارەکە دەدرێتە زیانلێکەوتووان. ئاشکراشی کرد کە «جێگری سەرۆکوەزیران سەرپشکە لەوەی هەر بڕە پارەیەک بمێنێتەوە، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بەرژەوەندیی خەڵکی چەمچەماڵ خەرج بکرێت».
دۆخی تەندروستی و پاکیی ئاو
هاوکات لەگەڵ پرۆسەی قەرەبووکردنەوە، تیمە تەندروستییەکان هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە. شەریف ڕەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند: «پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ کراوە و دەرکەوتووە هیچ گرفتێکی نییە».
لای خۆیەوە کارزان ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا کە ١٥ تیمی تەندروستی ڕاسپێردراون بۆ سەردانیکردنی گەڕەکە زیانلێکەوتووەکان و پێدانی هۆشیاری و چارەسەری پێویست بە هاووڵاتییان.