بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە سەرجەم بانکە حکومییەکان پشووی بانکی دەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، بەهۆی ئەم پشووەوە دەرگای بانکەکان بەڕووی هاووڵاتییان و مامەڵەاییەکاندا دادەخرێت، ئەمەش وەک ڕێکارێکی ساڵانە بۆ ڕێکخستنەوەی ژمێریاری و پاکتاوکردنی حسابات دەگیرێتەبەر.
کێ دەتوانێت سەردان بکات؟
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تەنها یەک بەش لە هاووڵاتییان دەتوانن سبەی سەردانی بانکەکان بکەن، ئەوانیش سوودمەندانی پڕۆژەی «هەژماری من»ـن. ئەو کەسانە دەتوانن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان سەردانی بانکەکان بکەن.
دەوامی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت
وەزارەتی دارایی ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم پشووە فەرمانبەرانی بانکەکان ناگرێتەوە. فەرمانبەران دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی «ڕێکخستنی هاوسەنگیی کۆتایی ساڵی دارایی ٢٠٢٥» و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی دارایی.