وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٦، بڕیاری کۆتایی دا بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەروازە سنوورییەکانەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و ساغکردنەوەی ڕەنجی جووتیاران.
هۆکار و وردەکاریی بڕیارەکە
بڕیارەکە لە میانی کۆبوونەوەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی کشتوکاڵی ئەلزوبێر (لە پارێزگای بەسڕە) و نوێنەرایەتیی جووتیارانی دەشتی پێنجوێن دەرکراوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و کاراکردنی «ڕۆژمێری کشتوکاڵی هاوبەش» نراوە.
ئەم بڕیارە وەک وەڵامێکە بۆ داواکاریی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ناوچەی پێنجوێن، کە پێشتر بەهۆی کردنەوەی دەروازەکان و هاوردەکردنی تەماتەی دەرەکی، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو بەرامبەر بە دابەزینی نرخ و زیانلێکەوتنیان.
ڕێکارەکان و پاڵپشتیی هاوبەش
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کردووە کە نووسراوی فەرمییان ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و دەروازەکان کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی پێویست.
بێگەرد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە وەک پاڵپشتییەکە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای بەسڕە، کە ساڵانە هەماهەنگییەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە بۆ ئاڵوگۆڕ و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە وەرزە جیاوازەکاندا.