دوای چەندین هەوڵی شکستخواردوو بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. شاندەکە کە پێکهاتووە لە هادی عامری (سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر) و موحسین مەندەلاوی (سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس)، لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شاندێکی باڵای پارتییەوە پێشوازییان لێکرا و دەستبەجێ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعوود بارزانی بەرەو پیرمام بەڕێکەوتن.
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە سێ دۆسیەی هەستیاری لە هەگبەدایە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لە هەولێر و سلێمانی. ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتاری عێراق ئاشکرای کرد کە ئامانجی یەکەم نێوەندگیرییە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار لەنێوان ١٨ بەربژێردا کە دیارترینیان فوئاد حوسێن و نزار ئامێدین. ئامانجی دووەم وەرگرتنی «گەرەنتیی نووسراو»ـە لە کورد کە هەر سەرۆککۆمارێک هەڵبژێردرا، نووری مالیکی ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. تەوەری سێیەمیش داواکارییە لە کورد بۆ نێوەندگیری لەگەڵ واشنتن بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر کاندیدکردنەوەی مالیکی.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکە، ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی وردەکاریی پێشنیازێکی نوێی بۆ یەکێتی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: «پارتی ئامادەیە هەموو پۆستەکانی دیکەی کورد لە بەغدا بداتە یەکێتی، بە مەرجێک پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی بێت»، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەنگ و قورسایی پۆستەکە هاوشێوەی سەردەمی مام جەلال. ئەمە لەکاتێکدایە عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم هۆشداری داوە کە ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەون، پەرلەمان بەبێ ڕەچاوکردنی خواستی ئەوان پۆستەکە بە دەنگدان یەکلا دەکاتەوە.
لەسەر ئاستی دارایی و مووچەش، پێشکەوتنێک بەدیهاتووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دواکەوتنی مووچە. بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری دواکەوتنەکە نەبوونی نەختینە و نەناردنی داهاتی ناوخۆ بووە. لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم بەڵێنی داوە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا بڕی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغدا بکات، تاوەکو وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات.
بڕیارە دوای تەواوکردنی کۆبوونەوەکان لە هەولێر، شاندەکە بەرەو سلێمانی بەڕێبکەوێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. هاوکات هەر ئەمڕۆ لە پیرمام، مەسعوود بارزانی پێشوازی لە موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کرد، کە ئاماژەیە بۆ جووڵەیەکی چڕی سیاسی لەنێوان پێکهاتەکان بۆ دەرچوون لەم بنبەستە سیاسییە.