ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٦، لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و ویندی گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە گەیاندنی پەیامی سوپاسگوزاریی واشنتن بوو سەبارەت بە ڕۆڵی کاریگەری بارزانی لە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی وڵاتەکەیەوە، «سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خستوویەتەڕوو». شاندەکە جەختیان کردەوە کە ئەم هەوڵانە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە چارەنووسسازن.
جەختکردنەوە لە شەراکەتی ستراتیژی
لەلای خۆیەوە مەسعود بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی ڕۆڵ و هەڵوێستی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بە قۆناغە مێژووییەکان کرد و ڕایگەیاند: «ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانیی ئەمریکا نەبوایە لە ساڵی ١٩٩١، نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین».
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق، شاندی ئەمریکی جەختیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەیان کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە «هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا». هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە عێراقییەکان دەبێت خۆیان بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکەیان بدەن لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشی و هاوسەنگی، دوور لە دەستوەردانی دەرەکی.
بەڵێنەکان بۆ دۆخی سووریا
هەر لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ئەنجام دا. ئەحمەد شەرع لە پەیوەندییەکەدا دووپاتی کردەوە کە «دەوڵەتی نوێی سووریا پێداگرە لەسەر دابینکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد» و هەموو هاووڵاتییانی سووریا لەبەردەم یاسادا یەکسانن. بارزانیش پیرۆزبایی ڕێککەوتنەکەی کرد و هیوای خواست ببێتە هۆی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
پەیامێک بۆ ڕەوەندی کوردی
هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا، بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە کرد و ڕایگەیاند: «لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوون، ئێستا پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بن». بارزانی هۆشداریشی دا کە پێویستە چالاکییەکان مەدەنیانە بن و «بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت کێشە سیاسییەکان ببنە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکیی نەتەوەیی لەنێوان کورد و عەرەب».