بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵڕۆژی کارەساتی تەقینەوەکانی ١ی شوباتدا پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کرد و تێیدا جەختی لە یەکڕیزی، هاوبەشێتی و یەک چارەنووسیی هێزە کوردستانییەکان کردەوە.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم ڕۆژەدا وەک وەفایەک، لە بەردەم گڵکۆی شەهیدە سەرکردەکان و کادر و لایەنگرانی هەردوو حیزب (یەکێتی و پارتی) و ئەو هاونیشتمانییانەی لەو ڕۆژەدا شەهیدبوون، تاجەگوڵینەی ڕێز دادەنێن. ئەم هەڵوێستە وەک پەیامێکی ئاشکرا بۆ گرنگیی یەکڕیزی لەم قۆناغەدا دەخوێندرێتەوە.
یەک چارەنووس و ڕۆحیەتی کوردانە
سەرۆکی یەکێتی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت: «ئێمە وەک کورد، یەک چارەنووسمان هەیە، بۆیە بە رۆحیەتێکی کوردانەوە کار دەکەین بۆ پاراستنی ئامانجە باڵاکان و رووبەڕووی تیرۆر و تۆقاندن دەبینەوە». ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە کە لەم یادەدا دەبێت پابەندبوون بە هاوبەشێتی و برایەتی و یەکبوون لەپێناو خەڵک و خاک و نەتەوە دووپات بکرێتەوە.
بیرەوەریی ١ی شوبات
شایانی باسە رووداوی ١ی شوبات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، کە تێیدا لە یەک کاتدا دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، هەردوو بارەگای مەڵبەندی ٣ی یەکێتی و لقی ٢ی پارتییان لە شاری هەولێر کردە ئامانج. ئەو کارەساتە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس کە لەنێوانیاندا ژمارەیەک سەرکردەی باڵای هەردوو حیزب و کادر و هاوڵاتی مەدەنی هەبوون.