وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنی دەوامی فەرمی و ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە و فەرمانگەی دادنووسی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین.
بەگوێرەی بەیانی ژمارە 3ی ساڵی 2026ی وەزارەتەکە، ئیشوکارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی ڕاپەڕین بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، واتە لە ڕێکەوتی 3ی شوبات تاوەکو 5ی شوباتی 2026 ڕادەگیرێت. هەروەها بەپێی بەیانی ژمارە 4ی ساڵی 2026، کارەکانی فەرمانگەی دادنووسیی ڕاپەڕین بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، لە 4ی شوبات تاوەکو 5ی شوبات ڕادەگیرێن.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، وەزارەتی داد ڕوونیکردووەتەوە کە ڕێکارەکە «بەمەبەستی گۆڕینی شوێنی کارکردن و گواستنەوەی کەلوپەلی فەرمانگەکانە بۆ بینای نوێ». داواش لە هاووڵاتیان کراوە لەو ڕۆژانەی دیاریکراوە سەردانی ئەو فەرمانگانە نەکەن، چونکە مامەڵەکانیان ڕایی ناکرێت.
وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەشکردووە کە دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریکراو، واتە دوای 5ی شوبات، هەردوو فەرمانگەکە لە شوێنە نوێیەکانیان دەست دەکەنەوە بە پێشوازیکردن لە هاووڵاتیان و ڕاییكردنی کارەکانیان.