ئەمڕۆ هەینی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ماڵپەڕی شەفافیەت وردەکاریی داهاتی نانەوتی ساڵی ڕابردووی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینی ئاشکرا کرد.
بەپێی نوێترین ئاماری ماڵپەڕەکە، کۆی گشتی داهاتی نانەوتی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڕی ٨٩٧ ملیار و ١٥٦ ملیۆن و ٦٧٣ هەزار و ٥٣٧ دینار بووە.
دابەزینی بەرچاوی داهاتی هەفتانە
لە نوێترین نوێکردنەوەدا بۆ داهاتی هەفتانە، ماڵپەڕەکە ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی ٢٧ی کانوونی یەکەم تا ٢ی کانوونی دووەم، کۆی داهات تەنها بڕی ٩٠١ ملیۆن و ٢٧٧ هەزار و ٢٥٠ دینار بووە، کە ڕێژەی ١٠٠٪ی ئەم داهاتە بە شێوەی نەختینە بووە.
بەگوێرەی ئامارەکان، داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر (٢٠ بۆ ٢٦ی کانوونی یەکەم) کە بڕەکەی زیاتر لە ٢٠ ملیار دینار بووە، بە ڕێژەی ٩٥.٥١٪ کەمی کردووە؛ واتە نزیکەی ١٩ ملیار دینار دابەزیوە.
وردەکاریی داهاتی مانگانە
سەبارەت بە داهاتی مانگەکانی ساڵی ڕابردوو، داتاکان بەم شێوەیە تۆمار کراون:
مانگی کانوونی یەکەم: ٦٢ ملیار و ٣٣٣ ملیۆن دینار.
مانگی تشرینی دووەم: ٦٢ ملیار و ٦٢ ملیۆن دینار.
مانگی تشرینی یەکەم: ٦٩ ملیار و ٧ ملیۆن دینار.
مانگی ئەیلول: ٦٦ ملیار و ٦٨١ ملیۆن دینار.
مانگی ئاب: ٦٢ ملیار و ٩٢٤ ملیۆن دینار (٨٥٪ نەختینە و ١٥٪ چەک).
مانگی تەمووز: ١١٨ ملیار و ٩٢٦ ملیۆن دینار (بەرزترین ئاستی ساڵەکە بووە کە ٢٨٪ی نەختینە و ٦٧٪ی مەقاسە بووە).
ماڵپەڕی شەفافیەت ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە ڕاگەیەندرا. ئامانجی پڕۆژەکە وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە بریتییە لە «چاودێری و ڕێکخستنی داهاتە نانەوتییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان» و ڕۆژانە بڕی داهاتەکان نوێ دەکرێنەوە.