محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٥ لە دەسەڵاتی حکومەتی ئێستادا نەماوە، چونکە هەژماری بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ بە تەواوی داخراوە و تەرخانکراوی دارایی پێویست لەبەردەستدا نییە.
د. موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق کە بەشێک بووە لە شاندەکە، ئاشکرای کرد کە سودانی بە ڕاشکاوی پێی ڕاگەیاندوون تاکە دەرچە بۆ گەڕانەوەی ئەو پارەیە، جێگیرکردنیەتی لە یاسای بودجەی ٢٠٢٦ و ئەمەش پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی هەیە بۆ قۆناغی داهاتوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سودانی پێشنیاری بۆ لایەنە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) کردووە کە لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، خەرجکردنی ئەو دوو مووچەیە بکەنە مەرج لەسەر سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، بۆ ئەوەی مافی مووچەخۆران نەفەوتێت.
لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە پرسی مووچە، چەند دۆسیەیەکی دیکەی گرنگ تاوتوێ کران، لەوانە دابینکردنی ٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی چەمچەماڵ، ناردنی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پارێزگای هەڵەبجە، خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران، هەروەها دابینکردنی فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ١٠٠ گەنجی کورد کە لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردووە.