بەگوێرەی زانیارییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان نەخشەڕێگەیەکی چوار خاڵی خستووەتە بەردەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، بەتایبەتی پرسی سەرۆک کۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەی نێوان هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، پارتی ڕەتیکردووەتەوە بەبێ گرەنتی و ڕێککەوتن دەستبەرداری مافی خۆی بێت لە بەربژێرکردنی کەسایەتییەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. هەر بۆیە وەک کاردانەوەیەک بۆ نەبوونی متمانە، پارتی هەریەکە لە د. فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی وەک کاندید پێشکەش کردووە.
مەرجەکانی پارتی بۆ یەکێتی
بەپێی زانیارییەکان، پارتی ئەم مەرجانەی خستووەتە بەردەم یەکێتی بۆ ئەوەی لە بەغدا کێشەیان بۆ دروست نەکات و کاندیدەکانی خۆی بکشێنێتەوە:
کاراکردنەوەی پەرلەمان: دەبێت پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، کە تێیدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت.
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم: دوای هەنگاوی یەکەم، پەرلەمان کۆببێتەوە و «نێچیرڤان بارزانی» وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت و یەکێتی دەنگی پێ بدات.
پێکهێنانی حکومەت: پەرلەمان «مەسرور بارزانی» بۆ پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابسپێرێت و کابینەکە پێکبهێنرێت.
کشاندنەوەی کاندیدەکان: ئەگەر ئەو سێ خاڵەی سەرەوە جێبەجێ کران، پارتی بەربژێرەکانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکشێنێتەوە و دەنگ بە بەربژێرەکەی یەکێتی دەدات.
سیناریۆکان و کارتی فشار
چاودێران پێیان وایە پارتی دەیەوێت هاوشێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، سود لە کارتی «سێیەکی پەکخەر» وەربگرێت ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت. بۆ تێپەڕاندنی سەرۆک کۆمار پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان (٢٢٠ پەرلەمانتار) ئامادە بن، ئەمەش دەرفەت دەداتە پارتی و هاوپەیمانەکانی کە ڕێگە نەدەن نیساب تەواو بێت ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
لەم قۆناغەدا، هەرچەندە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆک کۆمار بەرامبەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هەیە، بەڵام هەردوولا داوای گرەنتی دەکەن و متمانە لە نێوانیاندا لاوازە.