دکتۆر موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی، بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کرد و ڕایگەیاند کە کاندیدی هاوبەشی سێ لایەنی سیاسییە (یەکگرتوو، کۆمەڵ، ڕەوتی هەڵوێست). ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەرگای خۆپاڵاوتن داخراوە و ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە ٤٨ کەس.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، موسەنا ئەمین ڕایگەیاند: «من کاندیدی کۆمەڵ و هەڵوێست و یەکگرتووم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار». ئاماژەی بەوەش دا کە داوای دەنگی لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کردووە و تا ئێستا ١٠ دەنگی مسۆگەر کردووە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوەی بۆ مومارەسەی مافێکی یاساییە و «گیرفانی بۆ ئیمتیازات نەدوریوە».
سەبارەت بە هەڵوێستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، موسەنا ئەمین ئاشکرای کرد کە ئەوان پاشەکشەیان کردووە لە پشتیوانیکردنی و پێیان ڕاگەیاندووە کە بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەوە ناتوانن بڕیاری پشتیوانی بدەن. وتیشی: «دیار نییە لە هەڵبژاردنەکەدا پشتیوانی کێ دەکەن».
لەلایەکی دیکەوە عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، پشتیوانیی ڕەوتەکەی بۆ موسەنا ئەمین دووپاتکردەوە و وردەکاریی ئەو پێشنیارە سێ خاڵییەی ئاشکرا کرد کە خستبوویانە بەردەم لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی. عەلی حەمە ساڵح ڕایگەیاند خاڵەکان بریتی بوون لە:
١. هەموومان پشتیوانی کەسایەتییەکی سەربەخۆ بکەین.
٢. کەسێک لە لایەنەکان خۆی کاندید بکات و ئێمە پشتیوانی دەبین.
٣. ئێمە کەسێک پێشنیار دەکەین و ئێوە پشتیوانی بن.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوە دا کە مادام موسەنا ئەمین ئامادەیی خۆی نیشان داوە و خۆی تۆمار کردووە، ئەوا بووەتە کاندیدی ئەوان و پشتیوانی لێ دەکەن.