مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێدەکەنەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
وتەبێژەکەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی وتی: «لەم چەند رۆژەدا لەگەڵ یەکێتی یەکدی دەبینین و ئەو هەنگاوانەی لەوبارەوە پێویستن دەنرێن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ بابەتەکە بدۆزینەوە».
پرسی سەرۆک کۆمار و کاندیدی هاوبەش
بەپێی زانیارییەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان تایبەت دەبێت بە پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. مەحمود محەمەد ڕوونیکردەوە کە ئەگەرچی هەردوولا کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە هەیە، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆکان دەکرێت بگەنە کاندیدێکی هاوبەش. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەو پۆستە مافی کوردە و دەبێت بە ڕێککەوتن یەکلایی بکرێتەوە و ڕێگە بە لایەنی دیکە نادرێت دەستی بەسەردا بگرێت.
ئەم جوڵە سیاسییە نوێیە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێک و چوار مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤)، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە تا ئێستا کابینەی نوێ پێکنەهێنراوە.