ڕۆژی دووشەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە شارۆچکەی پیرمام، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە سام دەرمۆ، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان لە پێناو دادوەری لە ئەمەریکا کرد.
مۆنیۆمێنتی شەهیدی ئاشووری
لە دیدارەکەدا سام دەرمۆ ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لەو پاڵپشتییە بەردەوامەی بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەیەتی. هاوکات سوپاسی تایبەتی ئاراستە کرد بۆ پشتیوانیکردن لە کردنەوەی مۆنیۆمێنتی یادەوەریی شەهیدی ئاشووری، کە ڕۆژێک پێشتر بەردی بناغەی دانراوە و وەک پڕۆژەیەکی «مێژوویی» وەسفی کرد.
پەیامی سەرۆک بارزانی
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئاشوورییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە دووپات کردەوە. بارزانی ئاماژەی بە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی ئەم پێکەوەژیانە کرد و ڕایگەیاند: «لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، گرنگی بە پاراستنی یەکسانی و دادپەروەریی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان دراوە».
دۆخی سیاسی
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی، کە تێیدا هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.