بەپێی زانیارییەکان، حیکمەت محەمەد کەریم ناسراو بە «مەلا بەختیار»، بە شێوەی سەربەخۆ فۆڕمی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پڕکردەوە و ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد. ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراقیش پشتڕاستی کردەوە کە ناوبراو بە فەرمی فۆڕمەکەی پڕکردووەتەوە و وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بەشداری لە کێبڕکێکەدا دەکات.
لە پەیامێکدا سەبارەت بەم هەنگاوە، مەلا بەختیار هەڵوێستی خۆی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: «کاندیدبوونم بۆ ئەوەیە، بتوانم ببمە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی و پارتی و دۆستەکانی هەردوولا». ناوبراو مەرجێکی ڕوونی بۆ مانەوەی لە کێبڕکێکە دیاری کرد و وتی: «ئەگەر یەکێتی و پارتی لەسەر یەکێک لەم کاندیدانەی دیارییان کردوون ڕێکبکەون، من دەکشێمەوە و پشتیوانییان دەکەم، چونکە نامەوێت ببمە سەرئێشە بۆیان». بەڵام هۆشداریدا کە ئەگەر ڕێکنەکەون، ئەوا ئەو دەتوانێت ببێتە «کاندیدی هاوبەشی یەکێتی و پارتی» و پشتیوانەکانیان لە عێراق.
سەبارەت بە پێگەی خۆی لەناو یەکێتیدا، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە دا: «لەدوای مام جەلالەوە، بەردەوام من بوومەتە قوربانیی کێشەکان، نەک هۆکاری کێشەکان لەناو یەکێتیدا، هەرچەندە دابڕاو نیم لە مێژووی یەکێتی و پرۆسەی سیاسی، بۆیە خۆم بە شیاوی پۆستی سەرۆک کۆمار دەزانم». جەختیشی کردەوە کە ئەرکی یەکەمی سەرۆک کۆمار پاراستن و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستوورە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دەرگای خۆپاڵاوتن داخراوە و پارتی دیموکراتی کوردستان هەریەکە لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی کاندید کردووە. مەلا بەختیار کە لە ٢٠ی ئابی ١٩٥٤ لە شاری خانەقین لەدایکبووە، سیاسەتمەدارێکی دیاری کوردە و لە ساڵی ١٩٧٠وە تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە و چەندین پۆستی باڵای هەبووە، دیارترینیان لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە.