وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاشکرای کرد کە دۆخی تەندروستیی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە لە زیندان بەهۆی نەخواردنی نانەوە تێکچووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: «دۆخی شاسوار عەبدولواحید لەڕووی تەندروستییەوە خراپە، شوێنی مانەوەی زۆر خراپە و بەهۆی ئەوەی چەند ڕۆژێکە نانی نەخواردووە، دوێنێ یەکشەممە براوەتە نەخۆشخانە». ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە وێڕای خراپی دۆخەکەی، دڵنیان لەوەی زیندان ورەی زیاتر بەرز دەکاتەوە.
سەبارەت بە دۆسیە یاساییەکانی، هیمداد شاهین ئاماژەی بەوە دا کە شاسوار عەبدولواحید ماوەی سزای زیندانییەکەی تەواو کردووە، کە پێنج مانگ بوو و لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٥ەوە دەستگیر کرابوو. بە وتەی ناوبراو، دەبوو هەفتەیەک لەمەوبەر ئازاد بکرایە، بەڵام ماوەی ڕاگرتنەکەی درێژ کراوەتەوە بۆ ١٢ی ئەم مانگە.
وتەبێژەکەی نەوەی نوێ جەختی کردەوە کە ئێستا ڕاگرتنی سەرۆکی جوڵانەوەکە لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی سادەیە کە بەپێی یاسا کەفالەت دەیانگرێتەوە و دەتوانێت ئازاد بکرێت. هەروەها ڕاشیگەیاند: «هیچ کام لە کەیسەکانی شاسوار عەبدولواحید بەڵگەی تێدا نییە و دەستگیرکردن و زیندانیکردنەکەشی هەمووی سیاسییە».
لەبارەی هەڵوێستی سیاسی جوڵانەوەکە بۆ پرسە هەنووکەییەکانی عێراق، هیمداد شاهین ڕوونیکردەوە کە هێشتا لەگەڵ هیچ لایەنێک گفتوگۆیان نەکردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و بڕیاری کۆتایی فراکسیۆنەکەیان بۆ پرسی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە دەدرێت.