هەولێر و بەغدا؛ ناکۆکییەکی قووڵی دارایی و بەردەوامیی هەناردەی نەوت

هەولێر و بەغدا؛ ناکۆکییەکی قووڵی دارایی و بەردەوامیی هەناردەی نەوت

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەغدا کەمتر لە نیوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی ناردووە، لە کاتێکدا هەناردەی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بەردەوامە.

٥ خولەک
٢٧
خاڵە سەرەکییەکان
  • بەغدا تەنیا ٤١٪ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی لە سێ ساڵدا ناردووە
  • پارەی ١٢ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە
  • هەرێم لە سێ مانگدا نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی سۆمۆ کردووە
  • پشکی هەرێم بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بودجەی عێراقدا سفر بووە

حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین ئامار و زانیارییەکانی تایبەت بە پەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەلێنێکی گەورە لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمدا هەیە.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٥٨.٣ تریلیۆن دینار، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا ٢٤.٣ تریلیۆن دیناری خەرج کردووە. ئەمەش دەکاتە ڕێژەی ٤١٪ی کۆی شایستەکان و تەنیا ٣.٩٪ی کۆی بودجەی گشتی عێراق. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پشکی هەرێم بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان «سفر» بووە و هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە نەنێردراوە.

قەیرانی مووچە

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و ڕوونی کردووەتەوە کە لەو ماوەیەدا بەغدا پارەی ١٢ مووچەی تەواوی هەرێمی نەناردووە. بەپێی دابەشکاریی ساڵەکان:

  • ساڵی ٢٠٢٣: پارەی ٥ مانگ نێردراوە (٣ مووچە ماوە).

  • ساڵی ٢٠٢٤: پارەی ١٠ مانگ نێردراوە (١ مووچە ماوە).

  • ساڵی ٢٠٢٥: پارەی ١٠ مانگ نێردراوە (٢ مووچە ماوە).

هەناردەی نەوت و داهاتەکان

سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە ڕێککەوتنەکان و لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا بڕی ١٩ ملیۆن و ٥٩٤ هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە. تێکڕای ڕۆژانە گەیشتووەتە ٢١٨ هەزار بەرمیل و داهاتەکەی بە ١ ملیار و ٢١٥ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی نرخی ٦٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش داوە کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ماوەی ڕابردوودا زیانی ٢٥ ملیار دۆلاری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە.

ڕێباز دلێر
ڕێباز دلێر

ئابووریناس

ڕێباز چاودێری وردی بازاڕەکانی جیهان و نرخی دراو و نەوت دەکات. زمانەکەی بە ژمارە و داتا قسە دەکات و یارمەتیت دەدات لە دۆخی دارایی جیهان تێبگەیت.

هەموو وتارەکان