بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٣١ی کانوونی دووەم، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە دابەزینێکی بەرچاوی نرخی کانزا گرانبەهاکان و دراوی بیانی کرانەوە. نرخی زێڕ و زیو دابەزینێکی پێوانەییان تۆمار کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، ئەمەش نیگەرانیی لای کڕیاران و بازرگانان دروست کردووە.
داڕمانی نرخی زێڕ
بەپێی زانیارییەکانی بازاڕی زێڕینگران، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە ١١٠ هەزار دینار دابەزیوە. نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا لە سەرووی ٥٣٧٠ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٤٨٨٠ دۆلار دابەزیوە، واتە نزیکەی ٥٠٠ دۆلار لە هەر ئۆنسەیەک کەمی کردووە. نرخەکان لە بازاڕەکانی هەرێم بەم شێوەیەی خوارەوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت:
مسقاڵێک زێڕی عەیار ٢٤: ١ ملیۆن و ١٩٢ هەزار دینار.
مسقاڵێک زێڕی عەیار ٢١: ١ ملیۆن و ٤٤ هەزار دینار.
مسقاڵێک زێڕی عەیار ١٨: ٨٩٥ هەزار دینار.
زیانی گەورەی بازرگانانی زیو
لەلایەکی دیکەوە، نرخی زیو تووشی داڕمانێکی گەورە بووە. لە بۆرسەی جیهانیدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو لە ١٢٠ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٨٥ دۆلار دابەزیوە (ڕێژەی ٢٠٪). لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی یەک کیلۆ زیو کە پێشتر بە ٥٧٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، ئێستا بۆ نزیکەی ٣٢٠٠ دۆلار دابەزیوە. ئەمەش وای کردووە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی قەرەباڵغییەکی زۆر بەخۆیەوە ببینێت و بەشێک لە کڕیاران ئامادەن بە نیوەی نرخ زیوەکانیان بفرۆشنەوە.
بازاڕی دراو
سەبارەت بە نرخی دراوەکان، بەهای دیناری عێراقی کەمێک بەرزبووەوە. بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕ، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٥٠ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوە کرا، لەکاتێکدا ئێوارەی پێنجشەممە ١٥١ هەزار و ٥٠٠ دینار بوو.
نرخی دراوەکانی دیکە بەم شێوەیەن:
١٠٠ یۆرۆ = ١٨١,٠٠٠ دینار
١٠٠ پاوەن = ٢٠٠,٠٠٠ دینار
١٠٠ دۆلار = ١٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن
هۆکار و هۆشدارییەکان
شارەزایانی ئابووری هۆکاری ئەم دابەزینە خێرایە بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بڕیارەکانی بانکی فیدراڵی دەگەڕێننەوە. زێڕینگران و شارەزایان ئامۆژگاریی هاووڵاتییان دەکەن کە «پەلە نەکەن لە فرۆشتنەوەی زێڕ و زیوەکانیان»، چونکە پێیان وایە ئەم دابەزینە کاتییە و داهاتووی کانزاکان بەرزبوونەوەیە.