سلێمانی؛ سبەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شار دەستپێدەکات

سلێمانی؛ سبەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شار دەستپێدەکات

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، نەوتی نێردراوی بەغدا گەیشتووەتە شارەکە و سبەی یەکشەممە پڕۆسەی دابەشکردن لە ناوشار دەستپێدەکات.

٥ خولەک
١٣
خاڵە سەرەکییەکان
  • سبەی یەکشەممە ١ی شوبات دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری سلێمانی دەستپێدەکات
  • بڕی نەوتەکە ١٠٠ لیترە و بە نرخی ٣١ هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەدرێت
  • پشکی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە نەوتی بەغدا ٢٠ ملیۆن لیترە
  • نەوتەکە سەرەتا لە مەڵبەندی یەک و دووەوە دابەش دەکرێت

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای گەیشتنی بڕی پێویست لەو نەوتەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تەرخانکرابوو، سبەی یەکشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٦، دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شاری سلێمانی دەستپێدەکات.

سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە نەوتەکە لە بەنزینخانەکان و لە ڕێگەی کارتی زیرەکەوە دابەش دەکرێت. بەگوێرەی ڕێنماییەکان، هەر خێزانێک بڕی ١٠٠ لیتر نەوتی پێ دەدرێت و لە بەرامبەردا بڕی ٣١ هەزار دینار وەردەگیرێت. سەلام عومەر ڕوونیکردەوە: «سەرەتا لە مەڵبەندی یەک و دووەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت».

بەگوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق نزیکەی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، کە پشکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لێی نزیکەی ٢٠ ملیۆن لیترە. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە ناردنی نەوتەکە دەستیپێکردووە.

بەراوردی نرخەکان

ئەم نەوتەی بەغدا لەکاتێکدایە کە پێشتر حکومەتی هەرێم نەوتی بە نرخی ١٠٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکردبوو. لە بازاڕەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان ١٧٠ بۆ ١٧٥ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە ئەمەش جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو نەوتەی ئێستا بە ٣١ هەزار دینار دابەش دەکرێت.

هاوکات لە هەولێر و دهۆکیش پڕۆسەکە دەستیپێکردووە؛ لە دهۆک تا ئێستا زیاتر لە ١٠ ملیۆن لیتر دابەشکراوە و لە هەولێریش پڕۆسەکە بەردەوامە، هەرچەندە بەهۆی سستی لە گەیشتنی تانکەرەکانەوە دابەشکردنەکە لە هەولێر بە خاوی بەڕێوەدەچێت. بەپێی ئامارەکان، هێشتا زیاتر لە ٤١٥ هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە.

ڕێباز دلێر
ڕێباز دلێر

ئابووریناس

ڕێباز چاودێری وردی بازاڕەکانی جیهان و نرخی دراو و نەوت دەکات. زمانەکەی بە ژمارە و داتا قسە دەکات و یارمەتیت دەدات لە دۆخی دارایی جیهان تێبگەیت.

هەموو وتارەکان