بە بەشداریی هەزاران کەس لە ڕەوەندی کوردی لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا، خۆپیشاندانێکی فراوان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا پەیامی مەسعود بارزانی خوێندرایەوە و هاوکات لە هەولێر کۆتایی بە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان هێنرا.
لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی خوێندرایەوە، مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوون و «ئێستا پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بن». ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە دابەشکردنی خاکی کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا غەدرێکی مێژوویی بووە، بەڵام ئیرادەی گەلی کوردی نەشکاندووە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی سووریا، بارزانی داوای لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد کە پابەندی ئاگربەست بن و کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. لە پەیامەکەدا هاتووە: «پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێن».
کۆتاییهاتنی کەمپینی هەولێر
هاوکات لە شاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆتاییهاتنی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاند. بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بڕی یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار و ٥٠٤ تۆن کەلوپەل و پێداویستی کۆکراونەتەوە.
هاوکارییەکان پێکهاتوون لە:
٣٢٥ تۆن خۆراکی وشکە.
١٤٧ تۆن پێداویستی ناوماڵ (دۆشەک و بەتانی).
٣٢ تۆن دەرمان و کەرەستەی پزیشکی.
پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە کە ئەو هاوکارییانە لە ڕێگەی ١٢٦ تڕێلەوە بە سەرپەرشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕەوانەی ڕۆژئاوا کراون. سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانیش، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە بە خۆشحاڵییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتن کراوە و «چیتر پێویست بە بەردەوامیدان بە خۆپێشاندان ناکات»، و ئەگەر هەشبێت دەبێت لە چوارچێوەی مەدەنی و یاساییدا بێت.