بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و کۆمەڵێک پەیامی گرنگی پەیوەست بە دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێم خستەڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان، سەرۆکی یەکێتی دیدگای حزبەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڕوون کردەوە و وتی: «جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز دەکەینەوە کە بە هاوسەنگی خزمەتی تەواوی ناوچەکان بکات و لە ئاست خواستی هاونیشتمانییان و چارەسەرکردنی کێشەکاندا بێت».
یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە
تەوەرێکی دیکەی سەرەکی دیدارەکە تایبەت بوو بە پرسی هێزەکانی پێشمەرگە. بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە کە یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بنیادنانی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان. هاوکات باس لە گرنگیی یەکخستنی نێوماڵی کورد و هەبوونی یەکگوتاری سیاسی کرا لە بەغداد.
ڕێکخستنەوەی نێوخۆیی
لە لایەکی دیکەوە و هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە هەماهەنگی و یەکخستنی توانای دامەزراوەکانی یەکێتی کرایەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و درێژەپێدانی سیاسەتی «حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال».