پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی هەریەکە لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پێشکەش کرد. شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە فوئاد حوسێن وەک کاندیدی فەرمی سیڤی خۆی پێشکەش کردووە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن لەگەڵ کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی دووشەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کە بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەی ئەوانەی خۆیان پاڵاوتووە گەیشتووەتە نزیکەی ٤٦ کەس.
لە کێبڕکێیەکی بەهێزدا، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، بەمەبەستی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکە بۆ خولی دووەم، فۆڕمی خۆپاڵاوتنی پڕکردەوە. لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزار ئامێدی وەک تاکە کاندیدی فەرمیی خۆی ناساندووە و بەپێی زانیارییەکان لایەنە شیعییەکانیش ڕەزامەندییان لەسەر دەربڕیوە.
پێشکەشکردنی دوو کاندید لەلایەن پارتیەوە پەیوەستە بە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، کە تێیدا جەختی کردەوە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و دەبێت میکانیزمی دیاریکردنی بگۆڕدرێت. بارزانی سێ ڕێکاری بۆ ئەو مەبەستە خستبووە ڕوو: دیاریکردن لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، یان بە کۆدەنگی هێزە کوردستانییەکان، یان لەڕێگەی دەنگدانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، زانیارییەکان ئاشکرایان کردووە کە دوێنێ هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەتەوە و داوای کردووە یەکێتی چەند کاندیدێکی هەبێت، بەڵام یەکێتی سوور بووە لەسەر تاکە کاندید. هاوکات مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند: «بەمنزیکانە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ یەکێتی کۆدەبینەوە».
سەبارەت بە ژیاننامەی بەربژێرە سەرەکییەکەی پارتی، فوئاد حوسێن لە ساڵی ١٩٤٩ لە شاری خانەقین لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٦٧ بووەتە ئەندامی یەکێتی قوتابیان و ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە. ناوبراو هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکان لە وڵاتی هۆڵەندا.