سبەینێ دووشەممە، ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، وادەی یاسایی بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کۆتایی دێت. بەگوێرەی ئامارەکان تا کۆتایی دەوامی فەرمی ئەمڕۆ، زیاتر لە ٤٢ کەس فۆڕمی کاندیدبوونیان پڕکردووەتەوە، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
کێبڕکێیەکی بێ پێشینە و بەشداربوونی ژنان
بەپێی زانیارییەکانی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە رووی لە زیادبوونە و چاوەڕوان دەکرێت لە دوا ڕۆژدا ژمارەکە بەرزتر ببێتەوە. خاڵی جەوهەریی ئەمجارە، بوونی پێنج ژنە لەنێو لیستی کاندیدەکاندا کە ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا ڕووبدات. بەشێک لەو ناوە ژنانەی پشتڕاست کراونەتەوە بریتین لە جوان فوئاد مەعسوم، شیلان فوئاد، شیراز بابان و ئەمیرە جاف.
ناکۆکیی قوڵی پارتی و یەکێتی
سەرەڕای نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی، دوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێم (پارتی و یەکێتی) هیچ کاندیدێکی فەرمیی هاوبەشیان نییە. عەلی فەیلی، ئەندامی پارتی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: «هێزە کوردییەکان تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێكەوتنێكی كۆتایی لەسەر كاندیدكردنی یەك كەس». ناوبراو ئاشکرای کردووە کە دیارترین ناوەکان لای پارتی بریتین لە هۆشیار زێباری، رێبەر ئەحمەد و فوئاد حوسێن، لەکاتێکدا یەکێتی ناوی نزار ئامێدی و خالید شوانی وەک کاندیدی ئەگەری دەهێنێت.
جموجوڵی ئۆپۆزسیۆن
لەلایەکی دیکەوە، بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە بەغدا هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش دەدەن. ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاشکرای کردووە کە بڕیارە هەرسێ لایەنی هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی کاندیدێکی هاوبەش. بەپێی زانیارییەکان د. موسەننا ئەمین نیازێکی بەهێزی هەیە بۆ خۆکاندیدکردن ئەگەر پاڵپشتی ئەو لایەنانە بەدەست بهێنێت.
مەرج و وادە دەستوورییەکان
بەپێی دەستوور و یاساکانی پەرلەمان، کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت، بڕوانامەی زانکۆی هەبێت و مەرجەکانی دەستپاکی و ڕابردووی پاکی تێدابێت. دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەلایەن پەرلەمانەوە (کە دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا ئەنجام بدرێت)، سەرۆکی هەڵبژێردراو ١٥ رۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ راسپاردنی کاندیدی فراکسیۆنی گەورە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت.