ململانێی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێی نایە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان کە کاتژمێر ٣:٠٠ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەکات.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا «نزار ئامێدی» وەک کاندیدی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەستنیشان بکات. کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە «نزار ئامێدی کاندیدی فەرمی یەکێتییە». هاوکات زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری ئێستاش سیڤی خۆی بۆ خولێکی دیکە پێشکەش کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوە باڵاکان لە بەغداوە ئاشکرایان کردووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەنیازی کاندیدکردنی «فوئاد حوسێن»ـە بۆ هەمان پۆست. بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە: «پارتی بەر لە داخرانی دەرگای خۆپاڵاوتن، کاندیدی خۆی پێشکەش دەکات». ململانێکە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ کەس فۆڕمی خۆپاڵاوتنیان پڕکردووەتەوە.
کۆبوونەوە نهێنییەکان و هەوڵی سازان
لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن، جووڵە سیاسییەکان چڕ بوونەتەوە. بەها ئەعرەجی، سیاسەتمەداری عێراقی ئاشکرای کرد کە «هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە نهێنی سەردانی سلێمانی کردووە و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەتەوە». ئامانجی سەردانەکە گەیشتن بووە بە کاندیدێکی هاوبەش، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
هاوکات زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەردانی مەسعود بارزانی کردووە و پەیامی چوارچێوەی هەماهەنگی (لایەنە شیعەکان)ـی پێگەیاندووە کە ناوەڕۆکەکەی جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی «باشترە کورد بە یەک کاندید بەشداری بکات، ئەگەرنا ئەوان مەیلیان بۆ کاندیدی یەکێتی هەیە».
جموجۆڵەکان لە بەغدا
لەسەر ئاستی پەرلەمان، فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغدا کۆبوونەوە. لەو دیدارەدا شاندی یەکێتی پیرۆزباییان لە شاخەوان عەبدوڵڵا کرد کە وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی پارتی دەستنیشان کراوە. ئەگەرچی هەردوولا جەختیان لە کاری هاوبەش کردەوە، بەڵام بەپێی لێدوانەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار بە وردی باس نەکراوە و هەوڵەکان بۆ دوای پێشکەشکردنی ناوەکان دواخراون.